من و ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم
خۆم و ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم!
نووسینی به زمانی ئاڵمانی: د. مه‌سعوود عه‌تایی
وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: شه‌هلا حه‌مزاوی
کـه‌ریـم تـاقـانه کردوویه‌تی به کوردی
دوای ئه‌وه‌ی که دوایین ڕه‌شپۆشه شینگێڕه‌کان له گۆڕه‌که‌م دوور که‌وتنه‌وه، ئاهێکی خه‌ماوی، به‌ڵام له‌سه‌رخۆم هه‌ڵکێشا و له تابووته‌که‌دا خۆم وه‌رسووڕاند.
ناڵه و گریانی خه‌ڵک و وتارخوێندنه‌وه‌ی سه‌ر گڵکۆ ناڕاحه‌ت و خه‌مباریان کردبووم‌و هه‌ستم به ته‌وژمێکی دژوار ده‌کرد. ئێستا، خۆشحاڵ له‌وه‌ی که سه‌ره‌نجام تامی حه‌سانه‌وه‌ی ((نه‌بوونی بوون)) له گۆڕه‌پانی ژیاندا ده‌چێژم، له خه‌ڵوه‌تی خۆمدا ئارامم گرتبوو. به‌ڵام ئه‌م حه‌سانه‌وه‌یه کاتی بوو. له‌پڕ، ده‌نگێکی له‌رزۆک و جاڕسکه‌ر هه‌ودای خه‌یاڵی بڕیم. سه‌ره‌تا وام بیر کرده‌وه یه‌کێک له تازیه‌باره‌کان گه‌ڕاوه‌ته‌وه تا ئه‌وه‌ی له‌باره‌مه‌وه بیری کردبۆوه، بێ په‌رده بیڵێ و ڕزگاری ببێ. به‌ڵام ده‌نگه‌که له ژوور سه‌رمه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو له ژێر خاکه‌وه بوو، ڕاستترم گوتبێ، له‌لای چه‌پمه‌وه ده‌هات!
ده‌نگی پیاوێک بوو به ئه‌ڵمانی قسه‌ی ده‌کرد. دیسان خۆمم خسته‌وه سه‌ر پشت و به‌سه‌ر ئانیشکی ده‌ستی چه‌پمدا نه‌ختێ ڕاست بوومه‌وه و گوێم دایه قسه‌کانی.
ــ "ئه‌مه چ کڵۆڵییه‌که؟! له ژێر چه‌ندین خه‌رواره خاکیش‌دا مرۆڤ له‌شه‌ڕی بیانییه‌کان ئامان‌و ئارامی نییه. سی ساڵی دوایی ده‌بوایه له ژیانم‌دا له‌به‌ر ئه‌مانه داخ‌و که‌سه‌ر بخۆم‌و ئێستاش ڕه‌نگه سێ سه‌د ساڵی‌دیکه‌ش له قۆناغه‌کانی نه‌بوونی بکێشم."
به‌په‌شۆکاوی‌و ترسه‌وه هاوارم کرد:
ــ " کێ له‌وێ‌یه؟!"
وه‌ڵامی دایه‌وه:
ــ " ئه‌م ماوه دوور‌و درێژه له‌نێو مه‌مله‌که‌تی ئێمه‌دا ژیاوی، به‌ڵام هێشتا ڕسته‌یه‌کی دروست‌و به‌جێ فێر نه‌بووی... مرۆڤ ده‌ڵێ: تکایه! که‌سێ له‌وێ‌یه؟"
وه‌ک قوتابییه‌کی منداڵ ملم بۆ دا‌و ڕسته‌که‌م دووپات کرده‌وه:
- "تکایه، که‌سێ له‌وێ‌یه؟!."
دیسانه‌وه به‌توندی گوتی:
ــ " ئیستا ناوی من هیچ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ئێوه نییه. ئه‌من له مڵکی خۆمدا گۆڕ کراوم، نه‌ک وه‌ک به‌ڕێزتان له غوربه‌تدا."
له وه‌ڵامدا گوتم:
_ " بابه، ئێستا ئیدی ده‌بێ بۆ ئێوه جیاوازی نه‌بێ که ئه‌ڵمانی لێره نیژراوه، یاخود بیانی. "
ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم له‌م کاته‌دا قسه‌که‌ی پێ بڕیم و گوتی:
_ " چۆن جیاوازیی نییه؟!. له ته‌واوی ئه‌م که‌مبوونه‌ی شوێن بۆ گۆڕستاندا بیانییه‌کان ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه. له‌مه‌ش تێپه‌ڕێ، کوڕه‌که‌ی من ده‌بێ دوو به‌رابه‌ری کرێی ئه‌و گۆڕه بدا که من بۆ باوکم دام. پاشانیش ئه‌م بۆنه پیسه‌ی سیر و پیاز و برنجی "باسماتی"ی ئێوه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان دڵم تێک‌وپێک ده‌دا. "
به‌تووڕه‌یییه‌وه گوتم:
_ " باشه پێت وایه بۆنی سووسیس و چه‌وریی گۆشتی به‌راز و بیره‌ی بۆگه‌نی ئێوه باشتره؟ "
دراوسێکه‌م درێژه‌ی دا:
_ " ده باشه، کێ ئێوه‌ی ناچار کردبوو له‌نێو گۆڕستانی ئێمه‌دا بتانخه‌نه چاڵ؟ ئێوه ده‌بوایه له‌نێو خاکی خۆتان و له ته‌نیشتی حیزبوڵڵا توندڕه‌وه‌کاندا بخرابانه چاڵ. "
وه‌ڵامم دایه‌وه:
_ " ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به من بوایه که له وڵاتی خۆمدا، ته‌نانه‌ت له باوه‌شی ئه‌و حیزبوڵڵا توندڕه‌وانه‌دا گۆڕ کرابام، له ته‌نیشت ئێوه ئه‌ڵمانییه بێهه‌ست و دڵڕه‌قه‌کانم پێ باشتر ده‌بوو. مخابن هه‌ڵگرتن و بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌م بۆ ئێـران، گه‌لـێ گران بۆ هاوسه‌ره‌که‌م ته‌واو ده‌بوو. "
هه‌میسان وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " تا ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌من ده‌زانم، ئێوه له ئه‌ڵمان وه‌ک دوکتۆر کارتان ده‌کرد و پاره‌ی باشتان وه‌رده‌گرت. سه‌ره‌تا، جێی گه‌نجه‌کانی ئێمه‌تان له زانستگادا تێک‌وپێک دا، به خه‌رجی ئێمه ده‌رسه‌کانتان خوێند، پاشانیش شوێنی دوکتۆره‌کانی ئێمه‌تان گرت و مه‌ته‌بتان کرده‌وه و پاره‌تان هه‌ڵلووشی. "
تووڕه بووم و گوتم:
_ "وا دیاره ده‌بێ دیسان چه‌ند شتێ ده تۆی گه‌مژه‌ی ناحاڵی گه‌یه‌نم. ئه‌من له قۆناغی خوێندکاریمدا تۆزقاڵێ پاره‌م له ئێوه وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکوو به پاره‌ی باوکه بێچاره‌که‌م خه‌رجیی ماڵ، خۆراک و پێویستییه تایبه‌تییه‌کانی خۆمم مسۆگه‌ر ده‌کرد. سه‌باره‌ت به شوێنی دوکتۆره‌کانیش ده‌ڵێم، دوکتۆره بیانییه‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی، ناچار بوون له‌و نه‌خۆشخانانه‌دا کار بکه‌ن که له شوێنه بێبه‌شه‌کان هه‌ڵکه‌وتبوون، یان له‌و شوێنانه‌ی له ئاستی ئه‌ڵمانییه‌کاندا نه‌بوون. ته‌نانه‌ت دوکتۆره بیانییه‌کان ده‌بوایه لانی که‌م دوو به‌رابه‌ری دوکتۆره‌کانی ئێوه چاکتر بن تا بۆ وێنه، نیوه‌یان وه‌ربگیردرێن. "
ته‌رمه‌که‌ی دراوسێم هاواری کرد:
_ " لێت ناگه‌ڕێم تۆیه‌کی پیسی ڕۆژهه‌ڵاتیی حوشترله‌وه‌ڕێن ڕیسوام بکه‌ی. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که به هاتنی ئێوه بیانییه‌کان، شه‌پۆلی ئیعتیاد، دزی و خراپه‌کاری گشت شوێنێکی سه‌رزه‌ویی باب و باپیری ئێمه‌ی گرته‌وه. "
گوتم:
_ " یه‌که‌م، زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له تاوانکاریدا ده‌ستیان هه‌یه، هێشتا ئه‌ڵمانییه‌کان، یاخود ئه‌ڵمانی ڕه‌گه‌زه‌کانی ئورووپای ڕۆژهه‌ڵاتن. دووه‌م، نابێ ئه‌و ئیمتیازانه له بیر بکرێن که له بیانییه‌کانه‌وه بوون به هیی ئه‌ڵمانییه‌کان. ئێوه بۆ ئه‌و شتانه‌ی فێری بوون، ده‌بێ سپاسی بیانییه نه‌فره‌تلـێکراوه‌کان بکه‌ن. ئه‌م په‌نابه‌رانه بوون سه‌ر‌و ڕوویه‌کی خۆشیان به کۆمه‌ڵگا وشک و بێڕه‌نگ و بۆ و کۆنه‌پارێزه‌که‌ی ئێوه دا و کردیان به کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌ندفه‌رهه‌نگی و... به‌م جۆره ده‌روازه‌کانی دنیای به ڕووی خۆیدا کرده‌وه. "
وه‌ڵامـی دامه‌وه:
_ " به‌ڵـێ، به‌ڵام ئه‌م ئیمتیازانه بۆ ئێمه گه‌لـێ گران ته‌واو بوون: په‌نابه‌ره ئابوورییه‌کان، بۆمبدانانه‌وه‌کان، تێرۆریسم... "
گــوتم:
_ " چاڵکه‌ن، بنی چاڵ جێیه، تێرۆریسمێک که بیانی ده‌ستی تێدا هه‌یه، هۆی تایبه‌تیی خۆیشی هه‌یه؛ ئه‌و هۆیانه‌ی له سیاسه‌تی خۆپه‌سه‌ندانه و بێشه‌رمانه‌ی کۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا حه‌شار دراون. له‌باره‌ی په‌نابه‌ره به ناو ئابوورییه‌کانه‌وه، ده‌بێ بگوترێ ئه‌م کڵۆڵانه ته‌نیا و ته‌نیا به‌شێکی بێکه‌ڵک له‌و سه‌رمایه‌یه ده‌به‌ن که ئێوه به‌درێژاییی ئه‌م سه‌ده‌ی دوایییه لێتان دزیون! "
له پڕ ده‌نگی مستکوتان له دیواری گۆڕه‌که، گه‌یشته گوێم. به‌و نه‌ڕاندنه که تابووته‌که‌ی وه له‌رزه ده‌هێنا، هاواری کرد:
_ " ده‌مت داخه ئه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی گه‌مژه‌ی بێشارستانه‌تی، ئه‌گینا... "
منیش به‌هه‌مان هێز له تابووته‌که‌م دا و هاوارم کرد:
_ " ئه‌گینا چـی؟! قسه بکه، به‌رازی ڕه‌گه‌زپه‌رست.. له چیم ده‌ترسێنی؟ ده‌ته‌وێ به شێوازه ئه‌ڵمانییه‌که‌ت خێرا پۆلیس ئاگادار بکه‌ی؟ یان بڕۆی سکاڵام له دژی بکه‌ی؟ یان ده‌ته‌وێ پارێزه‌ر بگری و ڕاکێشم بکه‌یه دادگا؟ یاخود کارێ بکه‌ی پێش به مانه‌وه‌م بگرن و له ئه‌ڵمان ده‌رم بکه‌ن؟ ده‌زانی چییه... ؟ ئه‌وکاتانه که له‌سه‌ر خاکیش بووم، له‌م هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شانه نه‌ده‌ترسام... ئێره شوێنێکی‌دیکه‌یه. له‌ژێر ئه‌م هه‌موو خۆڵ و خاکه‌دا بۆ هه‌وه‌ڵین جار ئیدی ئه‌ڵمانی و بیانی مافیان یه‌کسانه! "
له پڕ گوێم له هاواری " ئــاخ... " بوو. پاشان گشت شوێنێ بێده‌نگ بوو. دوای چه‌ند ساتێ پرسیم:
_ " چـیت لـێ هات؟ "
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " هه‌میسان قسه‌ی هه‌ڵه‌ت کرد. ڕاستییه‌که‌ی ده‌بێته: ببووره شتێ ڕووی دا؟ "
گوتم:
_ " زۆر باشه ، ببووره شتێ ڕووی دا؟ "
به ده‌نگێکی گیراوه‌وه گوتی:
_ " به قسه‌کردنی به‌ڕێزتان به جۆرێ هۆشم لای خۆم نه‌ما، له بیرم چوو له کوێدام. ڕاسته‌وخۆ ڕاست بوومه‌وه و به توندی سه‌رم به تابووته‌که‌دا دا. "
له حاڵێکدا هه‌وڵم ده‌دا پێکه‌نینه‌که‌م بخۆمه‌وه، گوتم:
_ " ئازارتان زۆر پێگه‌یشت؟ ده‌توانم زامه‌که‌تان ببینم؟ "
ئه‌و گوتی:
_ " ئێوه دوکتۆری ژنانن و شاره‌زای ئه‌م شتانه نین. "
له وه‌ڵامیدا گوتم:
_ " نه بابه...! دوکتۆری ژنانبوون به‌و مانایه نییه که قه‌ت کار و باری سه‌ره‌وه‌ی ناوکه تێنه‌گه‌م. ئاخر ئێمه‌ش ده‌بێ بتوانین زامه‌کان ساڕ‌ێژ بکه‌ین. "
به ده‌نگێکی له‌سه‌ره‌خۆتر گوتی:
_ " زۆر سپاس، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئۆرژانسی مردووه‌کان ئاگادار بکه‌م. ئاخر لێره خزمه‌تی دوکتۆری باشتر ئه‌نجام ده‌درێ و هیچ هه‌واڵـێ له لـێپرسینه‌وه‌کانی سه‌ره‌وه‌ش نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، به پێی یاسای کفن و دفنی ڕێکه‌وتی 5ی سێپتامبری 1977- په‌ره‌گرافـی 2، به‌ندی 4، مردوو پێش چله‌ی خۆی مافـی نییه تابووت به‌جێبهێڵێ. "
به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم:
_ " ئـــه‌ی ئه‌مه بــۆ؟! "
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " چووزانم ، یاسا، یاسایه!. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، پاش ئه‌م ماوه‌ی تاقیکردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ، من ده‌توانم بتانبه‌مه مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌وه‌تر و ئه‌شرافیتر. بۆ نموونه، بتانبه‌مه ئه‌نجوومه‌نی دوکتۆره ناسراوه‌کان، دادوه‌ره‌کان، سیاسه‌تمه‌داره پله‌به‌رزه‌کان و ڕێبه‌رانی کلێسا، یاخود بتانبه‌مه کۆمه‌ڵی ملیۆنه‌ره‌کان، یاخود هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌کان. ئاخر من خۆمیش ئه‌ندازیاری خانووبه‌ره بووم. "
به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم:
_ " چما لێره‌ش مه‌ڵبه‌ندی ئه‌شرافـی و غه‌یره‌ئه‌شرافـی هه‌یه؟ ئه‌من وام ده‌زانی ئیدی مردووه‌کان یه‌کسانن. "
به شێوه‌یه‌ک ده‌ستی کرده پێکه‌نین ده‌نگی سامناکی لێکدانی ددانه‌کانی به‌رز بۆوه. پێکه‌نینه‌که‌ی بووه هۆی ئه‌وه مردووه‌کانی‌دیکه‌ی ده‌ور و به‌ریش، بکه‌ونه پێکه‌نین و پێکه‌وه به شێوه‌یه‌کی به‌رز له قاقای پێکه‌نین بده‌ن. کاتێ پێکه‌نینه‌که‌یان ته‌واو بوو، ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم به‌م شێوه‌یه درێژه‌ی دا:
_ " لێره له‌ژێر خاکیش‌دا ، هه‌رهه‌مان یاسای سه‌ر خاکـه. ده‌سته‌ڵاتداران، به‌ده‌سته‌ڵاتن؛ بێده‌سته‌ڵاته‌کانیش، بێده‌سته‌ڵات. سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌موو شتێکیان له ده‌ست دێ و هه‌ژاره‌کانیش چۆن بوون، هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌ستیان به‌تــاڵه. ((تجسم))ی ڕاستی، یه‌کسانی، به‌هه‌شت و دۆزه‌خ، پاداشت و سزا، ئه‌فسانه زیاتر نین. لێره‌ش شتێ نه‌گۆڕاوه. "
به قووڵـی که‌وتمه بیرکردنه‌وه، پاشان پرسیم:
_ "شوێنێ شک نابه‌ی پاتۆقی نووسه‌ره ناکامه‌کان، شاعیره نیوه‌سه‌رکه‌وتووه‌کان، هونه‌رمه‌نده گومناوه‌کان و قوماربازه پیشه‌یییه‌کان بێ؟ چونکه من زیاتر له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌دا کڕیارم هه‌یه!"
ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " مه‌گه‌ر نه‌مگوت شتێ نه‌گۆڕاوه؟ ئێوه‌ش چۆن بوون، هه‌ر ئاوان. "
دیسان ده‌ستی به پێکه‌نین کرده‌وه. هه‌را و هوریای پێکه‌نین له‌نێو مردووه‌کانی‌دیکه‌یشدا ده‌نگی دایه‌وه، به شێوه‌یه‌ک ئه‌م قاقا مه‌رگئاسایه گۆڕستانه‌که‌ی هێنایه له‌رزه...
سه‌رچاوه: گۆڤاری " آرش " ، ژماره 55 ، ئاوریل و مایی 1996 ل. 55-56 .
تێبینی:
مه‌سعوود عه‌تایی ئه‌م چیرۆکه‌ی به زمانی ئه‌ڵمانی نووسیوه و "شه‌هلا حه‌مزاوی" کردوویه به فارسی. شایانی باسه که ماوه‌یه‌ک پاش وه‌رگێڕانه‌که‌ی شه‌هلا، دوکتۆر مه‌سعوود بۆ خۆیشی چیرۆکه‌که‌ی خۆی وه‌رگێڕایه‌وه سه‌ر زمانی فارسی. من وه‌رگێڕانه‌که‌ی خۆمم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ریشدا له‌به‌ر یه‌ک داناوه. که‌ریم تاقانه
- له ژماره 77ی گۆڤاری "هه‌نار"دا بڵاو بووه‌ته‌وه.
" ئه‌وه‌ی که دوێنێ نووسیم، ئه‌مڕۆ نایخوێنمه‌وه و سبه‌ینێیش ئه‌مه ناخوێنمه‌وه. من ده‌نووسم هه‌تا ده‌ستم بجووڵێنم، بیرم هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌جووڵێ؛ ده‌نووسم هه‌تا سه‌عاتێکی بێخه‌وی بکوژم." دوکتۆر گلاس