چه‌ند دێڕ له ڕۆمانی "جه‌للاد"
چه‌ند دێڕ له ڕۆمانی "جه‌للاد"
نووسه‌ر: پێر لاگه‌رکڤیست
له سوێدییه‌وه: که‌ریم
((...
جه‌للاد بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک بڵێ، سه‌یری کردن.
خه‌ڵک به گومانه‌وه پرسیاریان کرد:
-"به‌ڵام... به‌ڵام چما تۆ جه‌للاد نییت؟"
ئه‌و که‌سه که ئه‌وان ڕووی ده‌میان تێ کردبوو، ده‌ستی له‌سه‌ر نێوچاوانی، له‌و شوێنه که نیشانه‌ی جه‌للادیی لێ هه‌ڵکه‌ندرابوو، لابرد. خۆشی به‌نێو خه‌ڵکه‌که‌دا شنایه‌وه.
ئه‌و گوتی:
-"به‌ڵێ، ئه‌من جه‌للادم!"
پاشان هه‌ستایه سه‌ر پێ، له‌و جلوبه‌رگه خوێنڕه‌نگه‌یدا، تێکسمڕاو و ترسێنه‌ر بوو. نیگای هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه گواسترایه لای ئه‌و و له‌و هۆڵه پڕ له زرم و کوت و غه‌ڵبه‌غه‌ڵبه‌دا، بێده‌نگی به شێوه‌یه‌ک زاڵ بوو پیاو ده‌یتوانی ده‌نگی هه‌ناسه‌ی جه‌للاد ببیستێ.
-"هه‌ر له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی زه‌ماندا، من ئاگاداری پیشه‌ی خۆم بووم و هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌ش ناچێ تا زه‌مانێکی دیکه‌ش لێی ببمه‌وه. هه‌زاران ساڵ تێده‌په‌ڕن، میلله‌تان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و میلله‌تان دیسانه‌وه له شه‌ودا ون ده‌بن، به‌ڵام من له پاش هه‌موو ئه‌وانه ده‌مێنمه‌وه و خۆم ده‌بینم که به خوێن سوورم، من تاکه‌که‌سێکم که پیربوونم بۆ نییه. به ئیمانه‌وه دوای ڕێگای مرۆڤه‌کان ده‌که‌وم و هیچ تووله‌ڕێیه‌ک نییه ئه‌وان پێیدا چووبن و ئه‌وه‌نده شاراوه بێ من ڕێم تێی نه‌که‌وتبێ و ئاگرێکی سووتێنه‌رم تێدا نه‌کردبێته‌وه و له‌وێ، زه‌ویم به خوێن پاراو نه‌کردبێ. من له ئه‌زه‌له‌وه له‌گه‌ڵتان بووم و هه‌تا کاتتان ده‌چێته سه‌ر، هه‌ر له‌گه‌ڵتان ده‌بم. کاتێک که ئێوه هه‌وه‌ڵجار نیگاتان بۆ ئاسمان وه‌رگێڕا و هه‌ستتان به خودا کرد، من برایه‌کم بۆتان داپاچی و کردمه قوربانی. هێشتا ئه‌و دره‌خته زریانلێدراوانه و ڕۆشناییی ئاگره‌که‌م له بیره که له ڕوخسارتانی ده‌دا کاتێک من دڵی ئه‌وم هێنایه ده‌رێ و به‌ره‌و بڵێسه‌ی ئاگره‌که‌م تووڕ هه‌ڵدا. له‌و ده‌مه‌وه، گه‌لێکم کردوونه‌ته قوربانی، بۆ خوداکان و شه‌یتانه‌کان، بۆ به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌کان، تاوانباران و بێتاوانانی ئێجگار زۆر و له‌ژماره‌نه‌هاتوو. میلله‌تگه‌لێکم له‌سه‌ر زه‌وی ته‌فروتوونا کردوون، وڵاتگه‌لێکم وێران کردوون و کردوومن به وێرانه. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئێوه داواتان لێ کردووم.))
...
(( "زه‌ویم به جێ هێشت و ڕووم له عه‌رشی خودا کرد، شوێنێک که لانی که‌م وه‌ک زه‌وی گه‌رم و شێ‌دار و ناپاک نییه. من هه‌ر چووم و چووم، نازانم چه‌نده به ڕێوه بووم. خودا له شوێنێکی سه‌یر دوور ده‌ژیا.
"له ئاکامدا دیتم که له عه‌رشی خۆیدا به‌شکۆ و ده‌سته‌ڵاتدار له به‌رامبه‌رم دانیشتووه. نێزیک‌تر بوومه‌وه و چوومه به‌رده‌می و ته‌وره خوێناوییه‌که‌م به ته‌خته‌که‌ی هه‌ڵپه‌سارد، گوتم: له کاره‌که‌م ماندوو بووم!
"چما به ئه‌ندازه‌ی پێویست کاری خۆم جێبه‌جێ نه‌کردووه! تۆ ئێستا ده‌توانی له ده‌ست ئه‌م کاره ڕزگارم که‌ی!
"به‌ڵام ئه‌و ته‌نیا هه‌ر سه‌یری بۆشاییی ئاسمانی ده‌کرد، بێ بزووتن و په‌یکه‌رئاسا." ))
+ نوشته شده در Fri 6 Jan 2012 ساعت 21:19 توسط كـریــم تــاقــانـه
|
" ئه‌وه‌ی که دوێنێ نووسیم، ئه‌مڕۆ نایخوێنمه‌وه و سبه‌ینێیش ئه‌مه ناخوێنمه‌وه. من ده‌نووسم هه‌تا ده‌ستم بجووڵێنم، بیرم هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌جووڵێ؛ ده‌نووسم هه‌تا سه‌عاتێکی بێخه‌وی بکوژم." دوکتۆر گلاس