ڕیچارد..
به داگرمه‌ن ده‌ڵێن کافکای سۆئێدی. سه‌بکه‌که‌ی تێکه‌ڵێکه له سورێئاڵ و ئێکسپێرسییۆن. به منداڵی له ماڵی باوه‌گه‌وره‌ی له دێ گه‌وره بووه. گۆشه‌گیر بووه به هۆی ته‌نیایی و بێکه‌سییه‌وه. له 22 ساڵی یه‌که‌م رۆمانی خۆی نووسیوه که که‌شی سه‌ربازی هانده‌ری نووسینی بووه. پێش 25 ساڵی 4 رۆمان و دوو شانۆنامه‌ی هه‌یه. ژن هێنانی قه‌ت سوکنایی نه‌داوه‌تێ. دوو جار دوچاری بووه. له لاوی‌دا تووشی سه‌ر لێ شێواوی ده‌بێ. خه‌وی نییه و به چه‌ن ساعه‌ت نیوه‌شه‌وان، له ڕێگا تاریکه‌کان پیاسه ده‌کات. چه‌ن جار حه‌ولی خۆ کوشتن ده‌دات. ئاخر جار 1954له 31 ساڵی دا خۆی ده‌کوژێ. خه‌ڵاتێکی به ناوبانگی ئه‌ده‌بی له سۆئێد به نێوه. ئه‌و خه‌ڵاته له 1999 دا دراوه به شاملووی مه‌زن.
خەونباز
ڕیچارد درگا بکه‌وه(1)
ستیگ داگرمه‌ن
وه‌رگێڕ: عه‌زیز مه‌حموودپوور

درگا بکه‌وه...
پێیان ده‌کوتم درگا بکه‌وه و گوێم نه‌ده‌دایه. نه ته‌نیا ده‌یانکوت، به‌ڵکو ده‌شپاڕانه‌وه و وه‌ختایه‌ک دیتیان پاڕانه‌وه که‌ڵکی نییه، هه‌ڕه‌شه‌یان کرد و چونکو هه‌ڕه‌شه‌ش به ئاکام نه‌گه‌یشت، ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بوون. په‌شۆکاو و دڵ له دوا ده‌یان چپاند و بێ هه‌ست و خوست له پشت درگا ڕاوه‌ستابوون و ده‌تکوت ده‌یانهه‌وێ هیپنۆتیزمی بکه‌ن. شایه‌دیش ده‌یانویست له کونی کلیله‌که‌وه من هیپنۆتیزم بکه‌ن.
هیپ. نۆ. تیزم...
به‌ڵام درگام نه‌کرده‌وه. نه ته‌نیا نه‌م کرده‌وه، به‌ڵکو تا ئه‌و جێیه‌ی توانیم پاشه‌وپاش کشامه‌وه ئه‌و سه‌ری وه‌تاغ، به‌ره‌و ئه‌و ته‌خته خه‌وه‌ی له سووچێکی بوو. له سه‌ری ڕاکشام و باڵنجێکم له‌سه‌ر سه‌رم دانا هه‌تا نه‌بیستم، نه‌بینم و بێخه‌به‌ر بم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش جار جار به بێ ویستی خۆم هێندێک شت ڕوویان تێده‌کردم. شتێک که بۆته قیلی که‌وا سپی و ده‌سبه‌ردارم نابێ. له ڕێی شه‌یتانییه‌وه خۆ ده‌په‌ستێوێته هه‌ناومه‌وه و بۆ به‌رگری له هاتنه‌ژوورێی ده‌بێ ئه‌وه‌ی باڵنجی دنیایه که‌ڵه‌که بکه‌مه سه‌ر سه‌رم. من ته‌نیا باڵنجێکم هه‌بوو. باڵنجێکی باش، گه‌وره، نه‌رم و پڕ. به‌ڵام له‌و کاته‌دا هیچ که‌ڵکێکی نه‌بوو. هیچ که‌ڵکێک. هه‌ر هیچ که‌ڵکێکی نه‌بوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چرکه‌ساتێک له‌م وه‌تاغه داخراوه‌دا ته‌واوی ناخۆشیه‌کان کوت و پڕ ده‌ڕه‌وێن و هه‌ر ئه‌م باڵنجه ته‌واوه و خۆشییه‌کی سوکناهێن-وه‌ک هه‌نگوین- به هه‌ناومدا بڵاو ده‌بێته‌وه. له‌م چرکه‌یه‌دا هه‌ست به ئازادی ده‌که‌م؛ خۆم له ئیقیانوسێکدا هه‌ست پێده‌که‌م که باوه‌شی بۆ ڕوبارێکی به‌رین گرتۆته‌وه و له ماچه گه‌رم و دڵڕفێنه‌کانی خه‌نی ده‌بێت. له‌م چرکه‌ساته ده‌گمه‌نانه‌دا ته‌نانه‌ت ده‌توانم باڵنجه‌که تووڕ هه‌ڵده‌م و ده‌سته‌کانم له پشت سه‌رم لێک هه‌ڵپێکم و چاو ببڕمه بن میچ، بن میچێک که تێم ڕاماوه. ته‌نیا درگای داخراو نییه که ده‌بێته هۆی جیایی من و که‌سانی دیکه و ته‌نیا وه‌تاغی باریک و درێژ و پڕ له بێده‌نگیی نییه که هه‌ڵم داوێرێ، به‌ڵکو شتێکی به‌هێزتر و بێ به‌زه‌ییتر ده‌بێته هۆی ته‌نیاییم.
پێموایه له ده‌ره‌وه‌ی وه‌تاغ شتێک ڕووی دابوو، ئاخر که‌سێک- کنوت(2) یان ئینگه(3) کوت و پڕ به هه‌نگاو‌ی قورسه‌وه به‌ره‌و درگا هات و کوتای و هه‌رچه‌ن ته‌واو ئاگای له خۆی نه‌بوو به‌ڵام کوتانه‌که‌ی سه‌رشێتانه بوو. زه‌ربه له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی درگا نه‌ده‌درا؛ به‌ڵکو ڕاست له سه‌ر خاڵێک له سه‌روی ده‌سگیره‌وه ده‌درا و به تووڕه‌ییه‌کی جارجار سه‌رشێتانه و جارجار ئارام ده‌یکوتا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ له‌و خاڵه‌وه دزه بکاته ژوورێ و ئازارم بدا.
سه‌رکه‌وتووانه به خۆمم کوت:لێی گه‌ڕێ با لێی بده‌ن، هێنده‌ی لێده‌ن هه‌تا ده‌ستیان ده‌شکێ، هێنده‌ی به به‌ره ده‌ست بکوتن هه‌تا بریندار ده‌بێ. خراپی لێ حاڵی بوون ئه‌گه‌ر پێیان وابێ ده‌توانن پێملم بکه‌ن هه‌تا کلیله‌که هه‌ڵسوڕێنم. هه‌ر به‌ڕاست تێی نه‌گه‌یشتوون! ئێستا ده‌متوانی باڵنجه‌که لاببه‌م. له‌و کاته‌دا له قوڵایی دڵه‌وه پێم‌خۆش بوو هه‌موویان له‌به‌ر من هێنده ده‌رکه بکوتن هه‌تا ده‌ستیان له کار بکه‌وێ. جه‌سته‌م له سه‌ر ته‌خته‌که لێک کێشاوه. ئاهۆن و قالب سووک بووم. ده‌مزانی زۆر ناخایه‌نێ. له‌و کاته‌دا باش نه‌مده‌زانی کێێه له درگا ده‌دا؛ به‌ڵام هه‌ر که‌سێک بوو درگای سارد و سڕی نه‌ده‌کوتا، به‌ڵکو جه‌سته‌ی گه‌رم و بێ ئۆقره‌ی منی ده‌کوتا. جومگه‌کانی(بند انگشت)ده‌ست ئه‌وانه‌ی وا ده‌رکه ده‌کوتن. دایم ده‌زانن چی‌یان ده‌وێ.دایم ده‌زانن که پتر ئازار بگه‌یه‌ننه کوێ. ئه‌وان وه‌ها له گه‌ڵ جه‌سته‌م ڕاهاتوون که هه‌ستیارترین شوێنه‌کان به سانایی ده‌بیننه‌وه.کوتان بۆ چرکه‌یه‌ک وه‌ستا و کنوت(ئه‌وه ئه‌و بوو ده‌یکوتا)به چپه‌چپ کوتی:درگا بکه‌وه ئازیزه‌که‌م. ده‌ی زووکه درگا بکه‌وه. بیکه‌وه ئازیزه‌که‌م!
پاشان بێده‌نگی زاڵ بوو؛ له پشت درگا بێده‌نگی وڵاتی داگرت: و چونکو بێده‌نگی له‌وبه‌ر قورس بوو، ده‌متوانی ده‌نگی گڕی تاقمێکی مه‌ست له ئاشپه‌زخانه‌ڕا ببیستم. ده‌نگی ژنانیش ده‌بیسرا. ده‌مزانی ژنیشیان له گه‌ڵه؛ به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ناره‌حه‌تی نه‌ده‌کردم. هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی بمتوانیبا ده‌رکه نه‌که‌مه‌وه، هیچ شتێک ناره‌حه‌تی نه‌ده‌کردم.
ئه‌وه دیسان ده‌نگی بۆڵه‌بۆڵیان به‌رز بۆوه. له‌وه‌ی که بۆ بیستنی قسه‌کانیان، که سه‌باره‌ت به من بوو، پێویست نه‌بوو زۆر بۆ خۆم بێنم دڵشاد و له‌خۆبایی بووم. ده‌مزانی جاڕز بوون و خاڵی سه‌رکه‌وتن له لای منه. هه‌تا ئاشپه‌زخانه پڕ بایه له ڕفیقه سه‌رخۆشه‌کانیان، ده‌ستیان پێم ڕانه‌ده‌گه‌یشت. خۆ مێرد ناتوانێ به هاوڕێ مه‌سته‌که‌ی بڵێ خێزانه ڕموزنه‌که‌ی خۆی له وه‌تاغدا زیندانی کردووه و نایه‌ته ده‌رێ. بێت‌و وا بکات هاوڕێکه‌ی پێی پێده‌که‌نێ و پێکه‌نین وه‌ک گوله ڕوحی مێرد ده‌سمێ. به‌م چه‌شنه ئابڕووی ده‌چێ و ئابڕوو له نێو مه‌سته‌کاندا-ته‌نانه‌ت له نێو ئه‌وانه‌ی وا مه‌ستیش نین- به نرخترین سامانه. ئابڕووی ئینسان وه‌ک ده‌سگیره‌ی ده‌رکه وایه: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌سه‌ر چه‌په‌ره شڕێکیش بێت، ده‌بێ وه‌ک ده‌ستگیره‌ی بانک یان مه‌یخانه‌یه‌ک له چاو بدا. سه‌ربڵیندی هه‌ر که‌سێک به ئابڕوویه‌وه به‌سراوه‌ته‌وه و ئابڕوو نابێ هه‌رگیز گه‌ردی لێ بنیشێ و ده‌بێ دایم بدره‌وشێته‌وه و ئه‌وه ژنه که تیفتیفه‌ی ده‌دا، ئابڕوویه‌ک که له گه‌ڵ ترس و ناهومێدی ئاوێته بووه.
کنوت له سه‌ر ئه‌م بابه‌ت هات و هاواری ساز نه‌ده‌کرد، ئاخر کێها پیاو پێی خۆشه که خه‌ڵک بزانن هاوسه‌ره‌که‌ی شێته؟ ئینگه ده‌رکه‌ی نه‌ده‌شکاند، ئاخر کێها پیاو پێی خۆشه خه‌ڵک بزانێ که خوشکه‌که‌ی شێته؟ هه‌ر بۆیه‌ش له پشت ده‌رکه سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه قسه‌یان ده‌کرد، هه‌تا ئه‌و ده‌م که ئێستا به باشی مه‌ست نه‌ببوون پێک نه‌ده‌هاتن. که‌سێک له ئاشپه‌زخانه ده‌یزریکاند؛ دڵنیام که ژن بوو، به‌ڵام مێشێکیشم میوان نه‌بوو. له‌سه‌ر ته‌خته خه‌وه بێ باڵنجه‌که ڕاکشابووم و گوێم دابووه زریکه زریک. زریکه‌یه‌کی ژنانه‌ی ناخۆش. چ تامێکی به لاوه بوو.
کنوت(له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌مڕوانییه بن میچ و بزه‌یه‌کم له سه‌ر لێو بوو) کوتی: وه‌ره خۆشه‌ویسته‌که‌م، جه‌رگه‌که‌م، بۆچی ده‌رکه ناکه‌یه‌وه؟ له من تووڕه‌ی؟ چم کردووه؟ لانی که‌م پێم بڵێ چم کردووه؟
به خۆمم کوت یان له‌وانه‌یه به خۆمم کوتبێ: کنوت خۆشه‌ویسته‌که‌م تۆ هیچت نه‌کردووه. که‌سێکی ئاسایی پێی وا نه‌بوو تۆ کارێکت کردبێ. که‌سه‌ێکی ئاسایی پێی وابوو که که‌متاکورت تۆ پیاوێکی ماقوڵی؛ به‌ڵام من ناتوانم ئاسایی بم. که‌سێکی ئاسایی خۆی له وه‌تاغدا زیندانی نه‌ده‌کرد، ئه‌و هه‌موو ناجسنییه‌ی له خۆ نه‌ده‌نواند و له به‌ر ئه‌وه‌ی مێرده‌که‌ی له شه‌وی شه‌مبه‌دا چه‌ن سه‌عاتێک دره‌نگتر هاتۆته‌وه و چه‌ن هاوڕییه‌کی بێ عورزه و ترسه‌نۆکی خۆی به ژن و منداڵه‌وه-یان چه‌ن ژنه‌تیوه‌یه‌ک- هێناوه‌ته‌وه، بڕ و بیانوی نه‌ده‌گرت.
شته‌که ئاوا ده‌ستی پێ‌کرد. وه‌ختایه‌ک گوێم تێوه بوو له پلیکانه‌کان سه‌ر ده‌که‌ون، پێده‌که‌ن و ده‌نگی ناقۆڵایان به ڕاپله‌که‌دا ده‌شنێته‌وه گازه‌که‌م کوژانده‌وه، پێشبه‌نده‌که‌م به سه‌نده‌لییه‌وه هه‌ڵواسی، به‌په‌له چوومه وه‌تاغه‌که‌مه‌وه و کلیله‌که‌یم هه‌ڵسوڕاند. پاشان له پشت ده‌رکه ڕاوه‌ستام و خۆم پێوه نوساند و گوێم بۆ قاوقریوی ئه‌وان له هاڵ و ئاشپه‌زخانه ڕاداشت و پێکه‌نینی نه‌رم و نامۆی ئه‌و ژنانه‌م بیست که دیار بوو له سه‌ر کۆشی چه‌ن که‌سێک دانیشتوون. لام وابوو مه‌شروب له سه‌ر میزه و هه‌ر وه‌ها فینجانی قاوه و که‌سێک له‌وان فینجانێکی شکاند. کنوت به شێوه‌یه‌ک که بیهه‌وێ پۆز لێدات و شته‌که بێ بایه‌خ نیشان بدات به ده‌نگێکی به‌رز کوتی: فیدای سه‌رت بێ.
به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک به ڕوونی شکان و سوک بوونیم هه‌ست پێ‌کرد، به تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌ی ئاشپه‌زخانه‌ی داخست و له هاڵه‌که‌دا به ته‌نێ مایه‌وه و به سه‌رشۆڕی چه‌ن جار کۆخی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وم نه‌ده‌دی؛ به‌ڵام قه‌ڵافه‌ت و ڕه‌فتاریم هه‌ست پێده‌کرد. تووڕه و شه‌رمه‌زار بوو و زۆرتر له‌وانه‌یه شه‌رمه‌زار، ئاخر نابێ پیاوێک پاش ڕۆژێک کار و هه‌ڵسوڕان بێته‌وه ماڵێ و ژنه‌که‌ی له ماڵه‌وه نه‌بینێ. بوونی ئه‌و له ماڵێ‌دا ده‌بێ به ته‌واوه‌ت هه‌ست پێ بکرێ و له‌به‌ر چاو بێ.
کنوت خه‌ریک بوو به دووی شتێکدا ده‌گه‌ڕا. ده‌رکه‌ی ئاوده‌سته‌که‌ی کرده‌وه و هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه کارێکیشی نه‌بووبێ، به‌ڵام چووه ژوورێ و چه‌ن ده‌قه‌یه‌ک له وێدا ماوه: پیاو ده‌بێ نیشانی بدا که به دووی ژنه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێ. خۆم به ده‌رکه‌وه نوساند و گوێم بۆ ڕه‌فتاری ناسروشتی ئه‌و ڕاداشت. خه‌ریک‌بوو خۆی گێل ده‌کرد، ده‌نا ده‌یزانی من ڕاست له کوێم. یه‌که‌م‌جار نه‌بوو، به‌ڵام یه‌که‌م‌جار بوو که تووڕه ده‌بوو. جاره‌کانی پێشوو به ته‌نێ ده‌هاته‌وه ماڵێ یان هه‌رتکمان له ئاشپه‌زخانه بووین که کوتوپڕ ده‌رده‌په‌ڕیم و خێرا ده‌چوومه دیوی خه‌وه‌که و ده‌رکه‌م داده‌خست. هێندێک چاوه‌ڕوان ده‌ماوه، چه‌ن جار له نێوان گاز و ده‌رکه‌ی ئاشپه‌زخانه‌دا ده‌هات و ده‌چوو. پیپێکی داده‌گیرساند و زه‌نگی بۆ براکه‌م لێده‌دا و پێکه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌یخانه‌یه‌ک قه‌راریان داده‌نا. ئه‌و وه‌خت به ڕۆیشتنه ده‌رێ کایه‌که‌ی ده‌برده‌وه. له جیات ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت بکێشێ و بێته وه‌تاغه‌که‌وه؛ به‌ته‌نێ به‌جێی ده‌هێشتم و ده‌ڕۆی.
ویستی من ئه‌وه بوو؟ ئایا ویستی من ئه‌وه‌یه؟ ئایا ئینسان خۆی له وه‌تاغدا حه‌بس ناکا هه‌تا به ته‌نێ بێت؟ نا، من وا نیم. جاری ئه‌وه‌ڵ که کنوت له‌گه‌ڵ ئینگه هه‌تا به‌یانی نه‌هاته‌وه ماڵێ، وه‌ختایه‌ک هاته‌وه دیتی له‌به‌ر ده‌رکه‌ی وه‌تاغی خه‌وه‌که دانیشتووم و ده‌گریم و به‌رگه باڵنجێکی خوساوم به ڕوخسارم داداوه. به که‌وشه‌وه له سه‌ر ته‌خته‌که ڕاده‌کشا و ده‌یگوڕاند: هیچ مێردێک به قه‌د من ددان به جه‌رگیدا ناگرێ. مێردێک که هه‌روه‌ختێک ژنه مه‌لعونه‌که‌ی بیهه‌وێ به ته‌نێ بێت، کاری پێی نییه و به ته‌نێ به‌جێی دێڵێ... ته‌نیا، ته‌نیا، ته‌نیااا...
هه‌ڵبه‌ت جارێک هات و له درگایدا و له پێشدا چم نه‌کوت. پاشان هێندێک پاڕاوه. بێگومان ده‌کرێ گوێت له‌و تۆزه لاسارییه بخه‌وێنی. ته‌نیا ده‌مویست لێی ڕوون بکه‌مه‌وه که تووڕه کردنی ژنێک چه‌نده خراپه. ته‌نیا ده‌مویست خه‌ڵوه‌ته‌که‌م بشێوێنێ و یارمه‌تیم بدا هه‌تا زاڵ بم به سه‌ر ته‌نیاییمدا. وه‌ختایه‌ک ده‌پاڕاوه، بێ چرپه لیباسه‌کانم داکه‌ند و که ده‌رکه‌م کرده‌وه، که‌متاکورت ڕووت بووم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هیچ سه‌رنجێکی نه‌دامێ. یه‌کسه‌ر به‌په‌له به بێ حه‌میه‌ت، وه‌ک که‌سێکی بچێته هۆده‌ی ته‌له‌یفونه‌وه، خۆی به ژوورێ‌دا کرد.کێشه‌وی میزی نوسینه‌که‌ی کێشا. بتڵه بیره‌یه‌کی که تێیدا‌بوو ده‌ست دایه و ته‌واوی ئه‌و شه‌وه ون بوو و سۆراغی نه‌بوو. پێم‌خۆش بوو عه‌رز زاری بکاته‌وه و قووتم‌دا. هه‌ستی قه‌حبه‌یه‌کم هه‌بوو که سووکایه‌تی پێ کراوه و ئه‌وه‌ش سه‌یر نه‌بوو.
به‌ڵام ئه‌و شه‌وه شته‌که فه‌رقی ده‌کرد. گوێم بۆ هه‌نگاوه‌کانی کنوت ڕاداشت. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی دوو‌دڵ، شه‌رمن و مه‌ست له ده‌رکه‌ی دیوی خه‌وه‌که نزیک ده‌بوونه‌وه؛ هه‌رچه‌ندێکی نزیکتر ده‌بوونه‌وه، هێورتر ده‌بوونه‌وه، چونکو ده‌یانزانی چ باسه. پاشان ده‌سگیره‌یه‌ک که به ئاسپایی داده‌هاته‌وه و بۆڵه‌بۆڵێک که نه‌ده‌بیسرا؛ ئاخر باش ده‌یزانی بارودۆخه‌که چۆنه.
ڕووه‌و ئاشپه‌زخانه نه‌ڕاندی: ئینگه وه‌ره ئێره ته‌له‌یفون کاری پێته. ئینگه برامه به‌ڵام هه‌ر برام نییه، زۆر له‌وانه زیاتره؛ ئه‌و ویژدانی کنوته. ویژدانی پیاو قه‌بوڵی ناکا که تا ئه‌و جێیه‌ی پێی‌خۆشه گوێ نه‌داته ژنه‌که‌ی. بوونی ئینگه به قازانجی کنوته. مه‌به‌ستی ئینگه ئه‌وه‌یه که هانی بدا تێ‌بفکرێت: به‌ڵێ ده‌یسه‌لمێنم که جارجار ده‌چمه ده‌رێ و نایه‌مه‌وه ماڵێ؛ به‌ڵام لانیکه‌م براکه‌ییم له‌گه‌ڵه. براکه‌ی. ئه‌وه له‌به‌ر چاو ناگرن؟
هیچ وشه‌یه‌ک وه‌ک «لانیکه‌م» پڕ به پێست نییه؛ باشی ده‌ناسم. ده‌زانم ده‌کرێ دۆژنگێکی لێ ساز که‌ی و کابرای پێ فڕێده‌یه قووڵایی گۆمه‌وه.
ئینگه هات. ئینگه ساده نییه. له ڕێوه به هه‌موو شتێکی زانی. له پشت ده‌رکه به خۆمم ده‌کوت: ئینگه خۆ به له‌شی ناخێرته‌وه تۆ برامی. پاڵپشتم تۆی. یارمه‌تیم بده هه‌تا بڕێکیشیان قه‌رزدار نه‌کردووم لێره بێمه ده‌رێ. زۆری نه‌مابوو ئه‌مانه‌ی به سرته پێ بڵێم؛ به‌ڵام هه‌ر باشتر نه‌مکوت، ئاخر بێت‌و بم‌کوتبا پاش تاوێک حه‌تمه‌ن په‌شیمان ده‌بوومه‌وه. ئینگه به کنوتی کوت: خۆ تۆ قه‌تی گوێ ناده‌یه‌ی، ئێستاش کارت پێی نه‌بێ. لێی گه‌ڕێ با له خۆیدا بێ. هێندێک ژن ئه‌و کاره‌یان پێ‌خۆشه. لێی گه‌ڕێ با به ته‌نیا بێ هه‌تا چا ده‌بێ. لێره‌دا بوو که هه‌ستم کرد پێویستم به باڵنجه. لێره‌دا بوو که به زگه‌خشکێ خۆم بۆ لای ته‌خته‌که به‌کێش کرد. له‌وانه‌شه هه‌ر به ڕاست له‌سه‌ر زگ نه‌ڕۆیشتبێتم، به‌ڵام وام هاته به‌ر نه‌زه‌ر. هه‌ستم کرد چه‌ن جووت چاوی سه‌رخۆش و بێ‌به‌زه‌یی ڕوانیانه هه‌ڵفڕینی کورتی من له به‌ر ده‌رکه‌وه هه‌تا ته‌ختی خه‌وه‌که‌م و هه‌ر ئه‌وانیش بوون که به‌کێشیان ده‌کردم. هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه ئه‌م مه‌ودایه‌م به هه‌ڵاتن بڕیبێ. وه‌ختایه‌ک سه‌رم له باڵنجه‌که‌دا نوقم ده‌کرد، بیستم ئه‌و دووانه دوور بوونه‌وه و پاشان که‌متاکورت له ڕێوه گه‌ڕانه‌وه.
هه‌رچه‌ند ئێستا باڵنجه‌که‌م له‌سه‌ر سه‌ر بوو هه‌تا له هروژمی خه‌یاڵات بمپارێزێ، به خۆمم کوت: خه‌ریکن ده‌گه‌ڕێنه‌وه. وا دیاره شتێکیان لێره لێ به‌جێ ماوه. ئه‌گه‌ر وایه ئه‌وان به دووی ون بووه‌که‌یاندا ده‌گه‌ڕێن.یان...
هه‌ستام و وه‌تاغه‌که گه‌ڕام. که‌شه‌وه‌کانم ده‌رکێشا. ده‌رکه‌ی گه‌نجه‌م کرده‌وه. له پشت قاپه چینییه‌کانم ڕوانی. به‌ڵام چ سۆراغێک له مه‌شروب نه‌بوو. بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی دوو دڵییه‌که‌م سه‌ر له‌نوێ هانام برده‌وه به‌ر باڵنجه‌که‌م. به خۆمم کوت: ده‌بێ وره‌ت به‌رز بێ. خۆ نابێ دایم ژنێک درگا بکاته‌وه و له‌گه‌ڵ بێ حه‌میه‌تی مێرده‌که‌ی ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه. له حاڵێکدا ده‌پاڕانه‌وه، هه‌م ده‌ترسان میوانه‌کان له ئاشپه‌زخانه‌وه ده‌نگیان ببیستن و هه‌میش ده‌ترسان له‌وه‌ی من ده‌نگیان نه‌بیستم. هێزم دایه سه‌ر باڵنجه‌که‌ی سه‌رم هه‌تا به‌سه‌ر وه‌سوه‌سه‌ی گه‌مژانه‌مدا زاڵ بم. وه‌سوه‌سه‌یه‌ک که دنه‌ی ده‌دام ده‌رکه بکه‌مه‌وه و شادی و ساویلکه‌یی خۆم پێشان ئه‌و دوو پیاوه‌ی ئه‌وبه‌ری ده‌رکه‌که بده‌م. به‌ڵام ژان ته‌شه‌نه‌ی سه‌نده بن باڵنجه‌که و برینی کولاندمه‌وه و ئه‌و چرکه‌ساته ناحه‌ز و پڕ له سوکایه‌تییه‌ی بیر هێنامه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ژان وه‌ک زه‌روو به ژانه‌وه نوسابوو و بینی لێده‌دا و به‌ره‌به‌ره شادی ڕووی تێ‌کردم و وه‌ها له‌خۆ بوومه‌وه که باڵنجه‌که‌م شل کرد هه‌تا به‌ر بێته‌وه.
به خۆمم کوت: ئه‌وه دێم. ئه‌لعان ده‌رکه ده‌که‌مه‌وه. ئیدی ته‌واو دڵنیا بووم که له‌به‌ر من له ده‌رکه ده‌ده‌ن. هه‌رشتێکی بتانهه‌وێ له ئاشپه‌زخانه لێیه‌تی. مه‌شروب، ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی قاقا ده‌کێشن. به‌ڵام ئێوه لێره ڕاوه‌ستاون. پێویستان به منه. سه‌برێک بگرن، ئه‌وه هاتم.
وه‌ختایه‌ک که‌سێک به ته‌نێیه، چ شتێک له‌و ساتانه خۆشتر نییه که ته‌نیاییه‌که‌ی کۆتایی پێ‌دێ. هێندێک هاتم و چووم هه‌تا له باری ڕوحییه‌وه ته‌واو داسوکنێم. هه‌ر چرکه‌یه‌ک که تێده‌په‌ڕی، ته‌نیاییه‌که‌م پتری شادی به سه‌ردا ده‌پژا. وه‌ک بۆقێکم خۆ ده‌هاته به‌رچاو که به خۆی ده‌کوت: جاری که‌وڵم زۆری کێش دێ. زۆری ماوه له‌به‌ر‌یه‌ک بپچڕێ.
له‌و وه‌خته‌دا کوتوپڕ هه‌ستم کرد کار له کار ترازاوه. به‌ڵام ده‌رکه‌ی ئاشپه‌زخانه کراوه و من هه‌ر له‌سه‌ر ته‌ختی خه‌وه‌که ڕاکشابووم و وه‌ک مارێکی که که‌روێشکێکی قووت‌دابێ، له خۆشیان بام کردبوو و جوڵه‌م لێ‌بڕابوو. له پێشدا ژنێک هاته ده‌رێ و پاشان هه‌موو ڕژانه ده‌رێ و ئه‌و پیاوه‌ی چاوه‌ڕێی من بوو، زمان لوسی وه‌لا نا.
له پڕ منیان له‌بیر چۆوه و ته‌نیا له حه‌ولی ئه‌وه‌دابوون که وا بنوێنن که نه‌بایان دیوه نه بۆران، هه‌تا ئابروویان نه‌چێ. ئینگه نه‌ڕاندی: ده‌مهه‌وێ به زمانی خۆش خوشکم له دیوه بێنمه ده‌رێ به‌ڵام نایه‌ت.
کنوت نه‌ڕاندی: دێیه ده‌رێ یان نا؟
من ئیدی نه‌مده‌توانی بێمه ده‌رێ. جه‌سته‌م گۆج ببوو و له‌وێ که‌وتبووم و ده‌ستێکم به ته‌خته‌که‌دا شۆڕ ببۆوه و کوته کوت به دوای باڵنجه‌که‌دا ده‌گه‌ڕا. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بیدۆزێته‌وه دانه‌یه‌ک له ژنه غه‌واره‌کان ده‌ستی کرد به گۆرانی کوتن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بکرێ نێوی گۆرانی لێ بنێی. به ته‌واوه‌ت کاس و داهێزراو بووم.
ڕیچارد درگا بکه‌وه. ده‌رگا بکه‌وه با بێمه ژوور.
ده‌بوو له‌و وه‌خته‌دا ده‌رپه‌ڕیبام و یه‌ک به خۆم قیژاندبام: من نێوم ڕیچارد نییه. من پیاو نیم، خۆ قه‌حبه‌ش نیم ڕۆژ تا ئێوارێ به دوکاناندا بخولێمه‌وه و سه‌فحه‌ی گرامافۆن بۆ مشته‌ریه‌کانم بکڕم!
ده‌بوو ئه‌و کاره‌م کردبا، به‌ڵام نه‌م‌کرد. له جیاتی ئه‌وه باڵنجه‌که‌م، باڵنجێک که هاوده‌مم بوو، له‌سه‌ر سه‌رم دانا و باڵنج وه‌ک هه‌ویر دزه‌ی کرده ته‌واوه‌تی چرچ و لۆچه‌کانی ڕوخسارمه‌وه و هه‌موو درزه‌کانی ئاخنی. له دوای ئه‌وه خه‌به‌رم له ته‌واوی ڕووداوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌تاغ هه‌بوو به‌ڵام چم له ده‌ست نه‌ده‌هات. ته‌نانه‌ت بۆ تێکنانی نێوچاوان و ده‌ربڕینی ناره‌حه‌تیم نه‌مده‌توانی ماسولکه‌کانی ڕوخسارم بجوڵێنمه‌وه.
پاشان وه‌ختێک زرم ده‌رکه‌ی هاڵه‌که‌یان پێوه‌دا و هه‌وموو به ده‌م قاقا و پێکه‌نینه‌وه به پلیکانه‌کاندا داگه‌ڕانه خوارێ، نه‌متوانی له ئه‌لفه‌وه بێمه بێ و بڵێم: ده‌بێ پاش‌نیوه‌ڕۆی شه‌مبانه چوار که‌سی ماقووڵ بێنه ماڵت نه‌ک که‌سانێک که مه‌علوم نییه... نا.
له جێی خۆم جوڵه‌م نه‌کرد و باڵنجه‌که جار له‌گه‌ڵ جار گه‌وره‌تر ده‌بوو هه‌تا بوو به وه‌تاغێک که له هه‌موو لاوه داخرابوو. به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته نه‌ترسام. ترسی من له‌و به‌خه‌به‌رییه دڵته‌زێنه بوو که به هیچ چه‌شنێک نه‌ده‌لوا به‌ری پێ‌بگری. سه‌ر له‌نوێ سوک‌وچروک و ئاسایی ده‌بوومه‌وه. ده‌بوو هه‌ستم و به‌ره‌و ده‌رکه بڕۆم. بیکه‌مه‌وه. بچمه ئاشپه‌زخانه و لیوانێک ئاو بخۆمه‌وه. پاشان بگه‌ڕێمه‌وه وه‌تاغێک که ئیدی ده‌رکه‌که‌ی دانه‌خرابوو و له‌سه‌ر ته‌خته‌که ڕاکشێم و پێش ئه‌وه‌ی خه‌و بمباته‌وه ته‌نیا بیر له شتێک بکه‌مه‌وه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر خه‌وم لێ‌که‌وتبا. ته‌نیا وه‌ختایه‌ک به‌ته‌نێم ده‌توانم ده‌رکه‌که بکه‌مه‌وه. ته‌نیا وه‌ختایه‌ک که‌سی لێ‌نییه، هه‌تا بێته ژوورێ، ده‌توانم ده‌رکه‌که بکه‌مه‌وه. هه‌ر به‌ڕاست چه‌نده ده‌توانم به ته‌نیا بم هه‌تا ئاخری که‌سێک هه‌ست به ته‌نیاییم بکا و ڕزگارم بکا، به‌ره‌ولام بێ و خۆ به دیوه‌که‌مدا بکا؟
1- نێوی ئاهه‌نگێکی ئینگلیسییه که له ده‌هه‌ی چلدا نێوبه‌ده‌ره‌وه بووه.
2- له زمانی سۆئێدیدا به مانای گرێ و گریمانه‌یه.
3- له زمانی سۆئێدیدا به مانای هیچ که‌سه.
" ئه‌وه‌ی که دوێنێ نووسیم، ئه‌مڕۆ نایخوێنمه‌وه و سبه‌ینێیش ئه‌مه ناخوێنمه‌وه. من ده‌نووسم هه‌تا ده‌ستم بجووڵێنم، بیرم هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌جووڵێ؛ ده‌نووسم هه‌تا سه‌عاتێکی بێخه‌وی بکوژم." دوکتۆر گلاس