پاڵتۆی چه‌رم

 

یه‌لمار سوێدربێرگ

وه‌رگێڕان له‌ سوێدییه‌وه‌: که‌ریم تاقانه‌

 

 

ئه‌و ساڵه‌ زستانه‌که‌ی سارد بوو. خه‌ڵک له تاو سه‌رما چووبوونه‌ یه‌ک و بچووک ببوونه‌وه،‌ ئه‌وانه نه‌بێ که پاڵتۆی چه‌ر‌میان هه‌بوو.

     ڕیچارد، دادوه‌ری ناوچه،‌ پاڵتۆیه‌کی چه‌رمی گه‌وره‌ی هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له‌ پێداویستییه‌کانی‌‌ ئه‌رک و پله‌ و پایه‌که‌‌‌ی بوو چونکه ئه‌و سه‌رۆکی به‌ڕێوه‌به‌ریی کارخانه‌‌‌یه‌کی ئێجگار نوێ بوو. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه دوکتۆر هێنک Henk ی کۆنه دۆستی پاڵتۆی چه‌رمی نه‌بوو. ئه‌و له‌ جیاتی پاڵتۆی چه‌رم، ژنێکی جوان و سێ منداڵی هه‌بوو‌. دوکتۆر ‌‌هێنک، له‌ڕ و لاواز و که‌‌‌‌مڕه‌نگ بوو. هێندێک که‌س که ژیانی هاوسه‌ری پێک دێنن، قه‌ڵه‌و ده‌بن، هێندێکیش به پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ڕ و لاواز. دوکتۆر هێنک له‌ڕ و لاواز ببوو‌؛ جێژنی کریسمێسیش وا به‌ ڕێوه‌ بوو.

سه‌عات سێی دوانیوه‌ڕۆی کریسمێس، دروست له‌زه‌رده‌په‌ڕی ئێواره‌دا، دوکتۆر هێنک به‌ره‌و لای  جان ڕیچارد John Richardt ی کۆنه‌ دۆستی که‌وته‌ ڕێ تا پاره‌ی لێ قه‌رز بکا. به‌ ده‌م ڕێوه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ گوتی:

_ ئه‌مساڵ بۆ من، ساڵێکی قۆڕ و ناخۆش بوو. ساڵێکی ئێجگار قۆڕ و ناخۆش. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ته‌ندروستیم تێک ڕووخاوه‌، لانیکه‌م ده‌بێ بڵێم وه‌له‌رزه‌ هاتووه‌. له‌به‌رانبه‌ردا نه‌خۆشه‌کانم بگره‌ هه‌ر هه‌موویان چاک بوونه‌ته‌وه‌. ماوه‌یه‌که‌‌ به‌ ده‌گمه‌ن‌ ده‌یانبینم. وێده‌چێ‌ مه‌رگم نێزیک بووبێته‌وه‌. ژنه‌که‌شم هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ له‌باره‌مه‌وه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌. ئه‌مه‌م له نیگایدا دیتووه‌. ئه‌گه‌ر وا بڕیاره‌ مه‌رگ له‌ ده‌رگام بدا، ئه‌وا زۆر چاک ده‌بوو پێش کۆتایی‌هاتنی مانگی ژانوویه‌ له‌ ده‌رگای دابام، چونکه له‌وه‌ به‌ دوا ناچارم حه‌قی ئه‌و بیمه‌ له‌عنه‌تییه‌ی ژیان بده‌م.

    

کاتێک که هه‌ودای بیری دوکتۆر هێنک گه‌یشته‌ ئێره‌، له‌ پێچی شه‌قامی رییه‌رینگ٭ و شه‌قامی هامن٭٭ بوو. هه‌رکه ویستی له چوار ڕێیانه‌که‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ تا پاشان به شه‌قامی رییه‌رینگ دا به‌ره‌و خوار بێته‌وه‌، له‌ شوێنێکی ساف و لووسدا که‌ سورتمه‌ی پێداچوو بوو، پێی هه‌ڵخلیسکا و دای به عه‌رزدا. له‌و ئان و ساته‌دا دروشکه‌‌‌یه‌ک به‌ خێرایی هات. دروشکه‌‌وان جوێنێکی دا و ئه‌سپه‌که‌ش  خۆ به‌ خۆ به‌ لایه‌کدا تێی ته‌قاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌‌وه‌‌شدا یه‌کێک له‌ خلێسکه‌کان زه‌برێکی له‌ شانی دوکتۆر هێنک دا. بێجگه‌ له‌مه‌ش پێچێک یان بزمارێک یان شتێکی له‌م بابه‌ته‌ له پاڵتۆکه‌ی گیری کرد و درزێکی گه‌وره‌ی تێ کرد. خه‌ڵکی لێ کۆ بوونه‌وه‌‌. کارمه‌ندێکی پۆلیس یارمه‌تیی دا تا هه‌ستێته‌وه سه‌ر پێ، کچێکی گه‌نج به‌فره‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌کاند. پیره‌ژنێک پاڵتۆ دڕاوه‌که‌یی ئه‌مدیو و ئه‌و دیو کرد و ملێکی بۆ به‌ لاوه‌ نا که وای ده‌گه‌یاند ئه‌گه‌ر توانیبای، ئه‌وا بۆی پینه‌ ده‌کرد. شازاده‌یه‌ک که‌ له ماڵی پاشایه‌تییه‌وه‌ به‌ ڕێکه‌وت گوزه‌ری که‌وتبووه‌ ئه‌وێ، کڵاوه‌که‌ی له‌ سه‌ر زه‌وییه‌که‌ هه‌ڵگرت و نایه‌وه‌ سه‌ری و ئیدی به‌م شێوه‌یه هه‌موو شتێک جارێکی دیکه‌ وه‌ک خۆی لێ هاته‌وه‌‌، پاڵتۆکه‌ی نه‌بێ.

دادوه‌ر ڕیچارد کاتێک که هێنک چووه‌‌ ده‌فته‌ره‌که‌ی، گوتی:

_ ئه‌ی باوکه‌ ئه‌وه‌ بۆ وات لێ هاتووه‌، گوستاڤ !Gustav٭٭٭

هێنک گوتی:

_ کوره‌ کردیانم به‌ ژێره‌وه‌.

ڕیچارد به به دڵخۆشی‌ پێکه‌نی و گوتی:

_ تۆ که‌ هه‌میشه‌ هه‌ر وای. بێگومان نابێ به‌و شێوه‌یه بگه‌ڕێیه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. تۆ ده‌توانی پاڵتۆ چه‌رمه‌که‌ی من به ئه‌مانه‌ت وه‌ربگری. هه‌ر ئێستا منداڵێک ده‌نێرم بچێ پاڵتۆکه‌ی دیکه‌م‌‌ له‌ ماڵ بۆ بێنێ.

دوکتۆر هێنک گوتی:

_ سوپاس.

     دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌د کرۆنه‌ی وه‌رگرت که پێویستیی پێی هه‌بوو، درێژه‌ی دا:

_ ئه‌وه‌ ئیدی بۆ شام چاوه‌ڕوانتم.

     ڕیچارد سه‌ڵت بوو و زۆرجار شه‌وانی کریسمێسی له‌ ماڵی هێنک دا ده‌گوزه‌راند.

*

هێنک که‌ به‌ره‌و ماڵ بۆوه‌، هه‌ستی به دڵخۆشی و که‌یفسازییه‌ک ده‌کرد که‌ له‌مێژ بوو لێی بێ‌به‌ری بوو.

     له‌‌به‌ر خۆیه‌وه‌ گوتی:

_ ئه‌وه‌ له‌به‌ر خاتری ئه‌م پاڵتۆ چه‌رمه‌یه‌‌. ئه‌من ئه‌گه‌ر مێشکم کاری کردبا، ده‌بوو ده‌مێک ساڵ پێش ئێستا پاڵتۆیه‌کی چه‌رمم به قه‌رز بۆ خۆم گیر هێنابا. بێگومان متمانه‌ و باوه‌ر به‌ خۆ بوونی لادا به‌هێز ده‌کردم و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکیش شان و شه‌وکه‌تی به‌رز ده‌کردمه‌وه‌. خۆ خه‌ڵک ناتوانێ هه‌ر هه‌مان ئه‌و حه‌قده‌سته‌ زۆر که‌مه‌ بۆ‌ دوکتۆرێک که‌ پاڵتۆی چه‌رمی له‌به‌ره‌ و دوکتۆرێکیش که‌ پاڵتۆیه‌کی ئاساییی له‌به‌ره‌ و گشت دوگمه‌کانی هه‌ڵکه‌نراون، له‌به‌رچاو بگرێ. جێی داخه‌ که‌ پێشتر ئه‌مه‌م‌ به‌ خه‌یاڵدا نه‌هاتبوو. ئێستا ئیدی زۆر دره‌نگه‌.

نه‌ختێک له باغی پاشایه‌تیدا خولایه‌وه. تاریک داهاتبوو و به‌فریش ده‌ستی کردبۆوه بارین. ئه‌و دۆستانه‌ی که چاوی پێیانده‌که‌وت، نه‌یانده‌ناسییه‌وه‌.

      هێنک هه‌روا له‌‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت:

_ له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ کێ ده‌زانێ که ئێستاکه ئیدی زۆر دره‌نگه‌؟ خۆ هێشتا پیر و په‌ککه‌وته نیم و له‌وانه‌شه‌ له‌باره‌ی ته‌ندروستیمه‌وه‌ به هه‌ڵه‌دا چووبم. ئه‌من ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژار و بێ ئه‌نوام ئه‌سپێ له‌ گیرفانمدا سه‌وزه‌ڵه‌ و خانم ده‌ڵێ.(1) به‌ڵام باری گوزه‌رانی جان ڕیچاردیش ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش وه‌ک هی من وا بوو. ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ ژنه‌که‌م ده‌رهه‌قم سارد و سڕ و که‌م مه‌یل بووه‌. دڵنیام ئه‌گه‌ر بمتوانیبا پاره‌ی زیاتر ده‌ربێنم و پاڵتۆی چه‌رمم له‌به‌ر بایه‌، سه‌ر له‌ نوێ دڵی پێ ده‌دامه‌وه‌ و خۆشی ده‌ویستم. له‌و کاته‌وه‌‌ی جان پاڵتۆی چه‌رمی کڕیوه، وا هه‌ست ده‌که‌م ژنه‌که‌م ‌زیاتر له‌ جاران دڵی لێی چووه‌. هه‌ڵبه‌ت کاتێکیش که‌ ژنه‌که‌م کچێکی جحێڵ بوو، تۆزێک دڵی بۆ وی هه‌ر لێی ده‌دا؛ به‌ڵام جان قه‌ت نه‌چووه‌ خوازبێنیی، به پێچه‌وانه‌وه‌ به‌و و هه‌موو که‌سێکی گوتبوو که ده هه‌زار ساڵی دیکه‌ش ناوێرێ ژن بێنێ. به‌ڵام ئه‌من وێرام؛ ئێلن Ellen یش کچێکی هه‌ژار بوو و له‌ دڵه‌وه‌ حه‌زی ده‌کرد مێرد بکا. پێم وایه‌‌ ئه‌وه‌نده‌ گیرۆده‌‌‌‌ و شێت و شه‌یدای من نه‌بوو بێ به‌شێوه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر ویستبام، بمتوانیبا گومڕای بکه‌م و بیخه‌مه‌ داوه‌وه‌. به‌ڵام بێگومان خۆ منیش ئه‌وه‌م نه‌ده‌ویست. چۆن ده‌متوانی خه‌ون به   عه‌شقێکی ئه‌وتۆوه‌ ببینم؟ له‌ ته‌مه‌نی شانزه‌ ساڵیمه‌وه‌ که‌ بۆ یه‌که‌م جار ئۆپێرای (فاوست) و ئارنۆلدسۆن Arnodlson م بینی٭٭٭٭، ئه‌وینی ئه‌وتۆم له‌ دڵدا ڕێ نه‌داوه‌.

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌وه‌ دڵنیام‌ له‌و سه‌ره‌تایانه‌وه‌ که تازه‌ ژیانی هاوسه‌ریمان پێک هێنابوو، خۆشی ده‌ویستم. مرۆڤ له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ نه‌کا. بۆچ ده‌بێ نه‌توانێ جارێکی دیکه منی خۆش بوێته‌وه‌؟ له‌و سه‌ره‌تایانه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتیماندا، کاتێ که له‌گه‌ڵ جان یه‌کیان ده‌بینی، هه‌میشه‌ قسه‌ی ناشیرینی پێ ده‌گوت. به‌ڵام دوایه‌ جان کارخانه‌یه‌کی دانا و جار و باریش ئێمه‌ی بانگهێشتی تیئاتر ده‌کرد و پاڵتۆیه‌کی چه‌رمیشی بۆ خۆی کڕی. به‌م شێوه‌یه‌ و هه‌ڵبه‌ت به تێپه‌ڕینی کات، ژنه‌که‌م ئیدی له‌وه‌ ماندوو بوو که چیدی قسه‌ی زشت و ناشیرین به‌ جان بڵێ.

*

‌‌هێنک هێشتا چه‌ند کارێکی ما بوو که ده‌بوو پێش شامی ئێواره‌ ئه‌نجامیان بدا. کاتێک که به‌ ده‌ستی پڕ له پاکه‌ته‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ ماڵ، سه‌عات‌ پێنج و نیو بوو. شانی چه‌پی ئێشی ده‌کرد؛ جگه له‌مه‌‌ هیچ شتێکی دیکه‌ نه‌بوو ‌ نه‌گبه‌تییه‌که‌ی دوا نیوه‌ڕۆی بخاته‌وه‌ یاد، پاڵتۆ چه‌رمه‌که نه‌بێ.‌

دوکتۆر هێنک له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ گوتی:

_ پێم خۆشه‌ کاردانه‌وه‌ی ژنه‌که‌مم چاو لێ بێ کاتێ که ده‌بینێ پاڵتۆی چه‌رمم له‌ به‌ره‌.

    

     داڵانه‌که‌ ئێجگار تاریک بوو. له‌ کاتی سه‌ردانی نه‌خۆشاندا نه‌بێ، چرایان پێنه‌ده‌کرد.

     دوکتۆر هێنک بیری کرده‌وه‌ " ئێستا له‌ ژووری میوانه‌‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگی ده‌بێ. وه‌ک باڵنده‌‌یه‌کی چووکه،‌ چست و چالاکه‌. سه‌یره‌، ئێستاش هه‌ر جارێک له ژوور‌ه‌که‌ی ته‌نیشتمه‌وه‌‌ گوێم له ترپه‌ی پێی ده‌بێ، گه‌رمییه‌ک دڵ و ده‌روونم داده‌گرێ و هه‌ست به شادی ده‌که‌م.

     مه‌زه‌نده‌که‌ی دوکتۆر هێنک دروست بوو که ئه‌گه‌ر پاڵتۆی چه‌رمی له‌به‌ر بێ، ژنه‌که‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی جاران، به‌ خۆشه‌ویستی و عه‌لاقه‌یه‌کی زۆرتر له جارانه‌وه‌ دێته‌ پیرییه‌وه‌ و وه‌ریده‌گرێ. ژنه‌که‌ی له تاریکترین گۆشه‌ی داڵانه‌که‌وه خۆی خزانده‌ ته‌نیشتیه‌وه‌، هه‌ر دوو ده‌ستی به‌ نازه‌وه‌ له‌ گه‌‌ردنی ئاڵاند و به‌ گه‌رمی و له‌ دڵه‌وه‌ ماچی کرد. پاشان سه‌ری به نێو یه‌خه‌ی پاڵتۆ چه‌رمه‌که‌یدا کرد و به‌ چرپه‌ گوتی:

     _ هێشتا گۆستاڤ نه‌هاتۆته‌وه‌.

     دوکتۆر هێنک له‌ حاڵێکدا به هه‌ردوو ده‌ست قژی ژنه‌که‌ی نه‌وازشت ده‌کرد، به‌ ده‌نگێکی نه‌ختێک له‌رزۆک‌ گوتی:

     _ با.. با.. هاتۆته‌وه‌.

*

      ئاوری بوخارییه‌که‌ی ژووری کاری دوکتۆر هێنک بڵێسه‌ی ده‌هات. له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ ویسکی و ئاو دانرابوو.

     دادوه‌ر ڕیچارد له‌ سه‌ر کورسییه‌کی ده‌سته‌دار و  ڕاحه‌تی چه‌رمین ڕاکشابوو و چروتی ده‌کێشا. دوکتۆر هێنک له‌ سووچی مۆبڵێکه‌وه‌ کرووشکه‌ی کردبوو. ده‌رگای ژووری پێشوازی کراوه‌ بوو. خاتوو هێنک و منداڵه‌کان خه‌ریک بوون شه‌مه‌کانی داری کریسمێسیان پێده‌کرد.

    

    هه‌موان له‌سه‌ر مێزی شام کڕ و کپ بوون. ته‌نیا منداڵه‌کان ژاوه‌ ژاویان بوو و قسه‌یان ده‌کرد و دڵشاد بوون.

    ڕیچارد گوتی:

    _ پیره‌مێرد، قسه‌یه‌ک ناکه‌ی. دیاره‌ دانیشتوویت و بیر له‌ پاڵتۆ دڕاوه‌که‌ت ده‌که‌یه‌وه‌؟

     هێنک وه‌ڵامی دایه‌وه‌:

     _ نه‌، به‌ڵکوو بیر له پاڵتۆی چه‌رم ده‌که‌مه‌وه‌.

     پێش ئه‌وه‌ی که درێژه‌ بدا، چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگ بوون:

     _ بیر له‌ شتێکی دیکه‌ش ده‌که‌مه‌وه‌. دانیشتووم و بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ دوایین کریسمێسه که پێکه‌وه‌ جێژن ده‌‌گێڕین. ئه‌من پزیشکم و ده‌زانم‌ زۆرم به دنیاوه‌ نه‌ماوه‌. ئێستا ئیدی ته‌واو دڵنیام. بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو‌ دڵسۆزییانه‌ که تۆ‌ له‌م دوایییانه‌دا ده‌رهه‌ق به من و هاوسه‌ره‌که‌م نواندت، زۆرت سوپاس بکه‌م.

     ڕیچارد ڕووی وه‌رگێڕا و به ده‌م مینگه‌ مینگه‌وه‌ گوتی:

     _ کوره‌ تۆ هه‌ڵه‌ ده‌که‌ی.

     ‌هێنک وه‌ڵامی دایه‌وه‌:

     _ نه، هه‌ڵه‌ ناکه‌م. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاست بکه‌م له‌وه‌ی که پاڵتۆ چه‌رمه‌که‌ی خۆتت به‌ ئه‌مانه‌ت پێدام. پاڵتۆکه‌ت دوایین ساته‌کانی به‌خته‌وه‌ریی پێ به‌خشیم که من له‌ ژیاندا پێشتر هه‌ستم پێ نه‌کردبوو.


‌  په‌ڕاوێز:

٭ Regeringsgatan  "شه‌قامی ده‌وڵه‌ت"

 ٭٭ Hamngatan  "شه‌قامی به‌نده‌ر"

٭٭٭ ناوی هه‌وه‌ڵی "هێنک" ه‌.

٭٭٭٭ فاوست ناوی نمایشنامه‌یه‌که‌ که یوهان وڵفگانگ ڤۆن گۆته‌ (1749- 1832) نووسه‌ری ناسراوی ئه‌ڵمانیایی نووسیویه‌تی. ئارنۆڵدسۆن مه‌به‌ست له کارڵ ئۆسکار ئۆرناڵدسۆن (1830-1881)ه که ئۆپێرا خوێنێکی ناسراوی سوێدی بووه‌. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وینی گرێتچن که لێده‌گه‌ڕێ فاوست بیخاته‌ داوه‌وه‌ و گومڕای بکا.

(1) Jag är fattig som en liten räv i skogen ، واته:‌ وه‌ک ڕێوییه‌کی چووکه‌ی نێو دارستان، هه‌ژارم. "زۆر هه‌ژار و بێ ئه‌نوام، موحتاجی شامی شه‌وم."  (وه‌رگێڕ)

  سه‌رچاوه‌:

 Historietter, Hjalmar Söderberg, Pälsen 27-32

لێره‌دا چیرۆکی "پاڵتۆی چه‌رم" به سوێدی چاو لێ بکه‌