کچۆڵه شقارته..
کچۆڵه شقارته‌فرۆشه‌که
نووسه‌ری ناسراوی دانمارکی:
هانس کریستییه‌ن ئاندرسن
وه‌رگێڕان: كه‌ریم تاقانه
شه‌وی ژانویه بوو. به‌فر به‌توندی ده‌باری. نیوه‌ی شه‌و بوو. کچێک خۆی گرمۆڵه کردبوو و هێدی، هێدی ڕێی ده‌کرد.. کچۆڵه‌که زۆری سه‌رما بوو. پێڵاوی له‌پێدا نه‌بوو. دایکی نه‌مابوو و بابیشی پیاوێکی چاک نه‌بوو؛ هه‌رچی پاره‌ی هه‌بوو، خه‌رجی مه‌ی و مه‌یخواردنه‌وه‌ی ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که کچه پێڵاو و کڵاوی نه‌بوو و جله‌کانی شڕ و دڕا‌و بوون. چه‌ند پاکه‌ته شقارته‌یه‌کی له‌نێو به‌روانکه شڕه‌که‌یدا هه‌ڵگرتبوو. ده‌مه‌و به‌یان هه‌تا شه‌و شقارته‌کانی به‌م لاو به‌ولادا گێڕابوو و هه‌ر هاواری کردبوو:
- شقارته، وه‌ره بۆ شقارته.. تو خودا شقارته‌یه‌کم لـێ‌بکڕن!…
ماندوو بوو. قاچه‌کانی به دوایدا نه‌ده‌چوون. نه‌یده‌توانی چیدی به‌ڕێوه بڕوا. چووه قوژبنی نێوان دیواری دوو ماڵه‌وه و دانیشت. داوێنه شڕه‌که‌ی داکشانده سه‌ر قاچه سڕه‌کانی. ده‌سته‌کانی به‌ته‌واوی ڕچابوون. شقارته‌کانی به‌باشی پێ‌هه‌ڵنه‌ده‌گیرا. بیری کرده‌وه ئه‌گه‌ر شقارته‌یه‌ک دابگیرسێنێ، ده‌سته‌کانی گه‌رم ده‌بنه‌وه. ده‌نکه شقارته‌یه‌کی ده‌رهێنا و دایگیرساند. چه‌نده ڕۆشناییی هه‌بوو. چه‌نده جوان و چه‌نده دڵگیر بوو. هه‌روا که له گڕی شقارته‌که‌ی ده‌ڕوانی، خه‌یاڵی کرد له‌نێو ژوورێک‌دایه. له ژووره‌که‌دا دانیشتبوو و له‌به‌ر سۆبه دیوارییه‌که‌دا قاچی گه‌رم ده‌کرده‌وه. ماشه‌ی سۆبه ستیله‌که بریقه‌ی ده‌هات. مادده‌یه‌کی برنجه‌یی جوانڕه‌نگ له چوار ده‌وری سۆبه‌که گیرابوو. هه‌موو شتێک ڕاسته‌قینه بوو. کچۆڵه‌که قاچه‌کانی ڕاکێشا تا گه‌رم بنه‌وه و خوێنیان تێ‌بگه‌ڕێ، به‌ڵام شقارته‌که کوژایه‌وه و ژووره‌که له پێش چاویدا نوقم بوو.
شقارته‌یه‌کی‌دیکه‌ی داگیرساند و سه‌یری کرد. ئه‌مجاره ژوورێک و مێزێکی گه‌وره‌ی بینی که سفره‌یه‌کی سپیی له سه‌ر ڕاخرابوو. ئه‌وه‌ی مرۆڤ حه‌ز به خواردنی ده‌کا، له سه‌ر مێزه‌که هه‌بوو. له‌و سه‌ری مێزه‌که‌وه قازێکی خرپن و قه‌ڵه‌و دانرابوو که له ته‌نووردا سوور کرابۆوه. هه‌روا چاوی بڕیبووه قازه‌که؛ قازه‌که له مێزه‌که هاته‌خواره‌وه‌و هه‌ڵقون هه‌ڵقون هات بۆ لای. چه‌قۆ و چنگاڵێک له‌سه‌ر سینگی قازه‌که‌دا بوون. وه‌ک بڵێی خه‌ریک بوو خوڵکی کچۆڵه‌که‌ی ده‌کرد تا نه‌ختێکی لـێ‌بخوا. له‌پڕ شقارته‌که کوژایه‌وه. کچۆڵه‌که به خۆدا هاته‌وه و دیتی هه‌روا له‌په‌نای دیواره سارد‌و شێداره‌که‌دا دانیشتووه.
هه‌میسان شقارته‌یه‌کی داگیرساند. ئه‌مجاره وای خه‌یاڵ کرد له‌ژێر داری گه‌وره‌ی کریسمسدا دانیشتووه.. له‌و دارانه که ئه‌و شه‌وه له به‌رده‌رگای ماڵێکی گه‌وره‌دا دیتبووی. به‌ڵام ئه‌م داره گه‌وره‌تر و ڕازاوه‌تر بوو. گه‌لێک شه‌می له‌سه‌ر داگیرسابوو. له‌به‌ر ترووسکه ترووسکی شه‌مه‌کاندا، ئه‌و وێنانه‌ی به دیواره بوون، ده‌بریقانه‌وه.
کچه قیژاندی: وه‌ی که چه‌نده جوانه!. چه‌نده دڵگیره!..
دیسان قاچی ڕاکێشا، به‌ڵام شقارته‌که کوژایه وه و دنیا له‌به‌رچاوی کچۆڵه‌که تاریک بۆوه.
شه‌و دره‌نگ بوو.کیژۆڵه‌که سه‌رما و برسیه‌تیی له بیر چووبۆوه. چاوی بڕیه ئاسمان. ئه‌ستێره جوانه‌کان چه‌شنی چرادانه چووکه‌کان بریقه‌یان ده‌هات. له‌ناکاو، ئه‌ستێره‌یه‌ک داچۆڕا و هێڵێکی سپی و زێوڕه‌نگ داکشایه سه‌ر سینگی ئاسمان. کچۆڵه‌که له دڵی خۆیدا گوتی: - هه‌ڵبه‌ت که‌سێک له سه‌ره‌مه‌رگ‌دایه.
داپیره‌ی وای پێگوتبوو. کچۆڵه‌که داپیره‌ی زۆر خۆش ده‌ویست. داپیره‌ی مردبوو. داپیره‌ی ده‌یگوت هه‌رکاتێ ئه‌ستێره‌یه‌ک دابچۆڕێ، که‌سێکیش ده‌چێته لای خــوا.
شقارته‌یه‌کی‌دیکه‌ی داگیرساند. کاتێ شقارته‌که باش ئاگری گرت، داپیره‌ی دیت که جل و به‌رگێکی سپی و ڕازاوه‌ی له‌به‌ر دا بوو و پێ‌ده‌که‌نی.
کچۆڵه‌که هاواری کرد: - داپیره!. ئه‌منیش له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره. سه‌رمامه، برسیمه. هه‌تا شقارته‌که داییسێ، له‌گه‌ڵ خۆتم به‌ره، ئه‌گینا نوقم ده‌بی و ئه‌من چیدی ناتبینمه‌وه. وه‌ک ئه‌م ئاوره، وه‌ک قازه بریانییه‌که و وه‌ک داره ڕازاوه‌که‌ی کریسمس، که بینیمن.
به ده‌سته ته‌زیو و ڕچاوه‌کانی گشت شقارته‌کانی ده‌رهێنا. ده‌سته‌کانی له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزین. ئاگری به شقارته‌کانه‌وه نــا. ئاگره‌که زۆر و زۆرتر بوو. ئه‌وه‌نده گڕو تینی زۆر بوو، ده‌تگوت خۆر ده‌دره‌وشێته‌وه. ڕوخساری داپیره‌ش له گشت کاتێ جوانتر وه‌پێش چاو ده‌هات. شقارته‌کان خه‌ریک بوون ده‌سووتان. داپیره ده‌سته‌کانی ڕاکێشا و كچۆڵه‌كه‌ی له ئامێزی خۆی گرت. پاشان پێکه‌وه له شه‌قه‌ی باڵیان دا و چوون به‌ره‌و سه‌ره‌وه، زۆر له ئاسمانیش سه‌ره‌وه‌تر. چوونه شوێنێکی وا که چیدی نه سه‌رما زه‌فه‌ری پێ‌ده‌بردن و .. نه برسیشیان ده‌بوو! چوونه لای خــوا.
ڕۆژی دوایه، پاسه‌وان، کچۆڵه شقارته فرۆشه‌که‌یان بینی. له سه‌رمان ڕه‌ق هه‌ڵاتبوو و له لای پیاده‌ڕێکه‌دا که‌وتبوو. ڕوخساری ئێجگار چه‌رموو بوو و بزه‌ی له‌سه‌ر لێوان بوو. ده‌تگوت خه‌وتووه و خه‌ریکه خه‌ونێکی شیرین ده‌بینێ. به‌وشێوه‌یه ڕه‌ق ببۆوه و گیانی ده‌رچووبوو. چه‌ند دانه شقارته‌یه‌ک له په‌نای ئه‌نگوسته‌کانی ده‌ستی‌دا سووتابوون. که‌سێک گوتی: - هه‌ڵبه‌ت خه‌ریک بووه ده‌ستی گه‌رم بکاته‌وه.
به‌ڵام هیچ که‌سێک نه‌یده‌زانی، که ئه‌و شه‌وه، کچۆڵه‌که چه‌نده شتی جوان، جوانی دیتووه و له‌و شه‌وی ژانویه‌دا چه‌نده شوێنی خۆش‌و دڵگیر گه‌ڕاوه...
" ئه‌وه‌ی که دوێنێ نووسیم، ئه‌مڕۆ نایخوێنمه‌وه و سبه‌ینێیش ئه‌مه ناخوێنمه‌وه. من ده‌نووسم هه‌تا ده‌ستم بجووڵێنم، بیرم هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌جووڵێ؛ ده‌نووسم هه‌تا سه‌عاتێکی بێخه‌وی بکوژم." دوکتۆر گلاس