ئێسقانه..
ئێسقانه به‌ڕێزه‌کان
په‌ر لاگێرکڤیست
وه‌رگێڕان له سوێدییه‌وه: که‌ریم تاقانه
دوو نه‌ته‌وه شه‌ڕێکی گه‌وره‌یان به دژی یه‌کتر وه‌ڕێ خستبوو که هه‌ر دوو لایان شانازییان پێیه‌وه ده‌کرد و له به‌رانبه‌ر هه‌ست و بیر و باوه‌ڕی ئاسایی و چووکه‌ی خه‌ڵک که بێ‌بایه‌خ بوون، یاد و بیره‌وه‌ریی ئه‌و شه‌ڕه‌یان زیندوو ڕاده‌گرت. ئه‌وانه‌ی که له شه‌ڕه‌که‌دا مابوونه‌وه، به ده‌مارگرژییه‌وه ئه‌و یاده‌یان به‌رز ڕاده‌گرت. له سه‌ر دوو لای سنووره‌که‌دا، له‌و شوێنه‌ی شه‌ڕه‌که بۆ پێش و پاشه‌وه چوو بوو و جه‌نگاوه‌ران به شێوه‌ی ترسناک که‌وتبوونه وێزه‌ی یه‌کدی و یه‌کتریان قه‌ڵاچۆ کردبوو، خه‌ڵکه‌که مۆنۆمێنتێکی به‌شکۆ و گه‌وره‌یان بۆ ئه‌و کوژراوانه‌یان ساز کردبوو که له پێناوی خاکی باو و باپیرانیاندا گیانی خۆیان کردبووه قوربانی و ئێستا له‌وێ له‌ژێر ئه‌و خاکه‌دا ئارامیان گرتبوو. هه‌ر که‌سه‌ی ده‌چووه زیاره‌تی مردووی خۆی. له‌وێ له‌سه‌ر گڵکۆ، قسه و باسی گه‌رم و گوڕ له‌باره‌ی ئه‌و قاره‌مانانه‌وه ده‌کرا که ئێسک و پرووسکیان له‌ژێر خاک‌دا ئارامی گرتبوو، ئه‌وانه‌ی وا به مه‌رگێکی قاره‌مانانه و پڕ له شانازی بۆ هه‌تا هه‌تا سه‌ریان نابۆوه.
له‌پڕ ده‌نگۆیه‌کی به‌سام له‌نێو هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌دا بڵاو بۆوه، گوایه شه‌وانه له ده‌ره‌وه له کۆنه‌گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌دا ورته ورت و ده‌نگه ده‌نگێک ده‌گاته گوێ. ده‌گوترا که مردووه‌کان زیندوو ده‌بنه‌وه و له گۆڕه‌کانیان دێنه ده‌رێ، پاشان سنوور ده‌به‌زێنن و سه‌ردانی یه‌کدی ده‌که‌ن وه‌ک بڵێن ئاشت بووینه‌وه.
ئه‌م قسه و قسه‌لۆکانه ڕق و بێزارییه‌کی ئێجگار قووڵی لای خه‌ڵکه‌که دروست کرد. ئه‌و قاره‌مانه کوژراوانه، ئه‌وانه‌ی که ته‌واوی خه‌ڵکه‌که تا ڕاده‌ی په‌رستن خۆشیان ده‌ویستن، ئێستا سه‌ردانی دوژمن ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵیان ئاشت بوونه‌ته‌وه! کاره‌سات بوو!
هه‌ر دوو نه‌ته‌وه وه‌فدێکیان پێک هێنا تا به دوادا چوون بکا و سه‌ر و به‌ری مه‌سه‌له‌که لێک بداته‌وه. له پشت چه‌ند کۆنه دارێکی وشکه‌ڵاتوو که له پاش شه‌ڕ مابوونه‌وه، خۆیان مات دا و تا نیوه‌شه‌وان هه‌ر چاوه‌ڕوان مانه‌وه.
چ سه‌یرێکه، قسه‌ی خه‌ڵک ته‌واو ڕاست ده‌رچوو! ئێسک و پرووسکی به‌سام له‌و ده‌شته چۆڵ و هۆڵه‌دا له گۆڕه‌کانیان ده‌هاتنه ده‌ره‌وه و له سنووره‌که ده‌په‌ڕینه‌وه. هه‌ر ده‌تگوت شتێکیش له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵده‌گرن.
خه‌ڵک به‌ره و لایان هه‌ڵاتن و به تووڕه‌یی‌یه‌که‌وه لێیان پرسین:
_ ئاخر چۆن..! خۆ ئێوه گیانتان کرده قوربانیی وڵاتی خۆتان و ئێمه‌ش له هه‌موو شوێنێکدا یاد و بیره‌وه‌ریتان به‌رز و زیندوو ڕا‌ده‌گرین، ئێمه به نیشانه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستی، هه‌میشه زیاره‌تتان ده‌که‌ین و یادتان ده‌که‌ینه‌وه، ئارامگاتان پیرۆز ڕا‌ده‌گرین، که‌چی ئێستا ده‌ستتان له ملی دوژمن کردووه!؟ چما ئاشت بوونه‌ته‌وه؟!
قاره‌مانه کوژراوه‌کان به شێوه‌یه‌کی سه‌یر له وه‌فده‌که‌یان ڕوانی و له وه‌ڵامدا گوتیان:
_ بێگومان نا. ئێمه هه‌ر وه‌ک جاری جاران ڕقمان له یه‌کدییه. ئێمه ته‌نیا ئێسقان ده‌گۆڕینه‌وه، ئه‌مه‌ش شتێکی تێدا نییه.
* له ماڵپه‌ڕی "ڕوانه"دا بڵاو بۆته‌وه. که‌ریم.
" ئه‌وه‌ی که دوێنێ نووسیم، ئه‌مڕۆ نایخوێنمه‌وه و سبه‌ینێیش ئه‌مه ناخوێنمه‌وه. من ده‌نووسم هه‌تا ده‌ستم بجووڵێنم، بیرم هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌جووڵێ؛ ده‌نووسم هه‌تا سه‌عاتێکی بێخه‌وی بکوژم." دوکتۆر گلاس